نەوسوود؛ برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٠٠:٠١

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

دوو کۆڵبەری گەنج بە ناوەکانی ئەحمەد مەولایی خەڵکی سەلاسی باوەجانی و محەممەد دەری خەڵکی مەریوان لە دوو شوێنی جیا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەختی بریندار کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٥ی جولای ٢٠٢٤)، ئەحمەد مەولایی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "پشتکر" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە سنووری نەوسوود بریندار کرا.

ئەحمەد مەولایی دوای برینداربوون لە بەشی زگی بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی پاوە گواسترایەوە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی جولای)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە قەڵای نۆدشە ئۆتۆمبێلی کۆڵبەرەکانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا کۆمبەرێک بەناوی محەممەد دەری لە بەشی کەمەر بەسەختی بریندار کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە