کامێران؛ دەستبەسەرکرانی فەیزوڵڵا شادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٢٦ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٦:٠٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەکی کورد و خەڵکی کامێران بەناوی فەیزوڵڵا شادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی جولای ٢٠٢٤)، فەیزوڵڵا شادی تەمەن ٤٧ ساڵ، خەڵکی گوندی" کاوانە" و دانیشتووی شاری کامێران لە شوێنی کارەکەیدا لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.

هەروەها دوکانی ئەو هاووڵاتییە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری کامێران، هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی خۆی، داخراوە.

گوتراوە کە دەستبەسەرکرانی فەیزوڵڵا شادی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەی کۆچی دوایی دایەگەورەی، مەعسوومە دروودی بووە. ئەو دایکە دادخوازە منداڵەکەی لەدوای فەرمانی خومەینی بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی لەدەست دابوو.

فەیزوڵڵا شادی، دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و زانیارییەک لەسەر بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە