دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری شنۆ

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٣٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سێ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی محەممەد ڕەسووڵپوور، ئیدریس کارساز و کەماڵ عوقابی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٣ی جولای ٢٠٢٤)، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئیدریس کارساز، محەممەد ڕەسووڵپوور و کەماڵ عوقابی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی ئەو سێ هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدریس کارساز لە شاری شنۆ، محەممەد ڕەسووڵپوور لە گوندی "کۆنە قەڵا" و کەماڵ عوقابی لە گوندی "باڵاگیر" لە مالەکانی خۆیاندا دەستەبەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو سێ هاووڵاتییە هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و ئەگەری زیاتربوونی ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەئارادایە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە