تیکاب؛ ئەسعەد کاکە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دووبارە دەستبەسەرکرایەوە

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٠٨:٤٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ئەسعەد کاکە هاووڵاتی کورد و خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ ماوەی سێ مانگ دەستبەسەرکرابوو، دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی جولای ٢٠٢٤)، ئەسعەد کاکە، هاووڵاتی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری تیکاب لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ هەبوونی هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، ئەسعەد کاکە ڕۆژی چوارشەممە بە سەر و چاوی بریندار و ئەشکەنجە کراو براوە بۆ دادگای شاری تیکاب و دوای چەند کاتژمێرێک بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و چارەنووسی ئەسعەد کاکە لەبەر دەستدا نییە.

شایەنی باسە کە، ئەسعەد کاکە کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا لە ژێر چاودێریدا بوو، ڕۆژی هەینی ١٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (٣ی مارسی ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای سی مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەکانی شارەکانی ئورمیە و تیکاب بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی دادگایەکەی ئازاد کرا بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە