جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی بەلووچ لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٣٣

هەنگاو، پێنجشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی بەلووچ و خەڵکی ئێرانشار سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ناوی ئیدریس جەمشیدزێهی، لە بەندیخانەی ناوەندی جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٨ی جولای ٢٠٢٤) سزای لەسێدارەدانی ئیدریس جەمشیدزێهی ٤٥ساڵە و باوکی ٥منداڵ و دانیشتووی گوندی "تیغ ئاپ" سەر بەشاری ئێرانشار لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا.

ئیدریس جەمشیدزێهی ساڵی ٢٧١٧ بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی ئەندامێکی سوپا بە ناویعەبدولکەریم سەجادی، لە ئێرانشار دەستبەسەرکرابوو دواتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەو ڕاپۆرتە، لە میدیاکانی حکوومەت و بە تایبەت لە میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە