ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هەشت بەندکراو لە بەندیخانەکانی بجنوورد، فردەوس، تایباد، ساری، ماهشەهر، بێهبەهان، بۆکان و کەهنووج

١١ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٨:١٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥

سزای سێدارەی هەشت بەندکراو بە ناوەکانی مەولا مرادقوبادی، حوسێن مراد زەمانی، خودایار میرزازادە، ئەمیر جەعفەری ڕاد، عیرفان شێخ ئیسلامی، شایان کەرەمی، ئەحمەد نادی و فەرهەنگ فەرامەرزی پوور کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی ئەنقەست" یان تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە "ماددە هۆشبەرەکان" لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی بجنوورد، فردەوس، تایباد، ساری، ماهشەهر، بێهبەهان، بۆکان و کەهنووج جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مەولا مرادقوبادی، حوسێن مراد زەمانی، خودایار میرزازادە، کە هەر سێ بەندکراوەکە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان سزا درابوون، لە گرتووخانەکانی بجنوورد لە خۆراسانی باکوور، فردەوس لە خۆراسانی باشوور و تایباد لە خۆراسانی ڕەزەوی جێبەجێ کرا.

لە لایەکی دیکەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣١ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئەمیر جەعفەری ڕاد‌، بەندکراوی گیلەکی خەڵکی ساری و عیرفان شێخ ئیسلامی هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ماهشەهر سەر بە پارێزگای خوزستان، کە هەردووکیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزا درابوون، لە گرتووخانەکانی ساری و ماهشەهر جێبەجێ کرا.

هەروەها بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٣٠ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی شایان کەرەمی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەی بێهبەهان سەر بە پارێزگای خوزستان جێبەجێ کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٩ی دیسەمبەر)، سزای سێدارەی ئەحمەد نادی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەی بۆکان جێبەجێ کرا.

لە بەردەوامیی شەپۆلی سێدارەکانی ئەم دواییانەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ (٢٠ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلووچ بە ناوی فەرهەنگ فەرامەرزی پوور(عەلیدادی) تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی کەهنووج سەر بە پارێزگای کرمان و باوکی منداڵێک، لە گرتووخانەی کەهنووج جێبەجێ کراوە. ئەم بەندکراوە لە شەش ساڵ پێش ئێستاوە بە تۆمەتی کوشتن، لە ڕەوتی تەقەکردنی خۆشی لە ڕێوڕەسمێکی زەماوەنددا دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی سێدارەی ئەم بەندکراوانە لە میدیا حوکوومییەکان، بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەریەوە، ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە