سنە؛ کوژرانی ژنێکی گەنج لەلایەن هاوژینەکەیەوە

٢٩ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١١:١٦

هەنگاو؛ هەینی ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ژنێکی گەنجی خەڵکی سنە، بەناوی ئایدا حەیدەریان لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە چەکی سارد کوژرا. هۆکاری کوژرانی ناوبراو بەدەستی هاوژینەکەی، کە خۆشی هەوڵی خۆکوشتنی داوە و سەرکەوتوو نەبووە، تا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی سەشنەبه ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٦ی جولای ٢٠٢٤)، ئایدا حەیدەریان، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری سنە بە دەستی هاوژینەکەی، بەناوی ئارام زارعییەوە کوژرا.

تۆمەتبار کە پێشتریش پێشینەی بە توندوتیژییەوە هەڵسوکەوتکردن و لێدانی هاوژینەکەی هەبووە، ئایدای لە ماڵە هاوبەشەکەیان بە لێدانی چەندین زەربەی چەقۆ کوشتووە.

شایەنی باسە کە، ئایدا حەیدەریان، فەرمانبەری دەرمانخانەی مانگی سووری سنە بووە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن بکوژەوە هەڕەشەی لێکراوە و بە خراپی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئارام زارعی دوای کوژرانی هاوژینەکەی بە چەقۆ هەوڵی خۆکوشتنی داوە و دوای چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانەدا دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە