بەندیخانەی ئورمیە؛ شەهرام کازمیان بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانە ئازاد کرا

٢٩ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٠٣

هەنگاو؛ هەینی ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

شەهرام کازمیان، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە دوای تێپەڕکردنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بە مەرج ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوون و بەندکرانیدا لەژێر گوشاری بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە ئەمنییەکاندا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٨ی جولای ٢٠٢٤)، شەهرام کازمیان، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئورمیە بە مەرج لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

شەهرام کازمیان ڕۆژی ٦ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، دوای لێدانی لەلایەن پاسەوانانی بەندیخانەوە بە فەرمانی سەرۆکی بەندیخانەکە بۆ ناوەندی پزیشکی دەروونیی ڕازیی ئورمیە گواسترایەوە و جارێکی دیکە بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە بەهۆی گوشاری سەختی دەروونی و جەستەیی لە نێوان ماوەی بەندکرانەکەیدا، دەرمانی دەمار و ئازارشکێنی دەخوارد و بەهۆی بڕینی دەستڕاگەیشتنی بەو دەرمانانە بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە، هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

شەهرام کازمیان، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧١٩، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٦ ڕۆژ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسیی ئیتلاعات و دادگاییکردنی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.

ناوبراو لەئاکامدا ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢ی مارسی ٢٠٢٠)، لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بەسەریدا سەپێندراوە و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە