ئورمیە؛ ئەحمەد مامزادە بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانە ئازاد کرا

١٤ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٥٨

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ئەحمەد مامزادە، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان دوای یەک ساڵ و ٤ مانگ و ١٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتیی هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، ئەحمەد مامزادە، تەمەن ٦٤ ساڵ و بەرپرسی پێشووی لیژنەی تۆپی پێی بۆکان بە دانانی بارمتەی ٣ ملیاری و بە شێوەیەکی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەحمەد مامزادە چەند مانگی سەرەتای بەندکرانەکەی لە ژێر گوشارێکی زۆر و لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە تێپەڕاندووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواستراوەتەوە.

هەروەها ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەیەکی زۆر لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی وەکوو دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئەحمەد مامزادە لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی گوڵانی ٢٧٢٣ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ماڵەکەی لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە