بەندیخانەی ئورمیە؛ تەیفوور سەلیمی بابامیری بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا

١١ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢١:١٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤

تەیفوور سەلیمی بابامیری، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان دوای تێپەڕکردنی ١٦ مانگ دەستبەسەرکران، لە ئاکامدا بە دانانی بارمتەی سێ ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، تەیفوور سەلیمی بابامیری، بەندکراوی تەمەن ٤٨ ساڵی خەڵکی بۆکان و باوکی دوو منداڵ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە، تەیفوور سەلیمی بابامیری، نزیکەی چوار مانگی سەرەتایی دەستبەسەربوونەکەی لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئەمنییەکان لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیەدا تێپەڕ کردووە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە. ناوبراو لە نێوان مانگی شەشەمی دەستبەسەرکرانی و لەحاڵێکدا کە بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترابۆوە، بۆ یەکەمین جار پەیوەندییەکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە.

تەیفوور سەلیمی بابامیری، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بەهۆی ئەوەی بە "گەیاندنی یارمەتیی دەرمانی و پزیشکی بە خۆپیشاندەرەکان" لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی ناو بردراوە، تۆمەتبار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە بەهۆی گوشاری دەروونی و جەستەیی تووشی جەڵتەی دڵ هاتبوو و هەر ئەوە سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو لە دەستبەسەرگەدا نیگەرانیی زیاتری لێکەتبۆوە.

تەیفوور سەلیمی بابامیری مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی بۆکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە ئاکامدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە