خوراسان؛ هەڕەشەکردن لە گوڵی شادکام، لێکۆڵەر و نووسەری کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

٣٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٤:١١

هەنگاو؛ شەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

گوڵی شادکام، لێکۆڵەری کورد و لەدایکبووی قووچان سەر بە خوراسانی ڕەزەوی کە لەم دواییانەدا گەشتی کردبوو بۆ وڵاتی کەنەدا، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان بەتایبەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەڕەشەی لێکراوە و لە مەترسیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا گوڵی شادکام، کارناسی لێکۆڵینەوەی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و دانیشتووی وڵاتی کەنەدا بەردەوام لەگەڵ هەڕەشەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕووبەڕوو بووەتەوە. ناوبراو پێشتر لە جێگەی ڕاوێژکاری نووسینگەی تۆمارکردنی میراتی مانایی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا چالاکی هەبووە.

بەوتەی سەرچەوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەندامانی بنەماڵە، هاوڕێیان و تەنانەت هاوکارەکانی ناوبراو لە شاری بۆجنوورد، مەشهەد و کەرەج لەژێر گوشاری دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوون و لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنیی بەردەوام، هاوکات لەگەڵ لێپرسینەوە و هەڕەشە بەمەبەستی ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕەزاییانە لە لاپەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن گوڵی شادکامەوە، داوای وەرگرتنی زانیاریی شوێنی ژیان و پلانی ناوبراو بۆ گەڕانەوەی بۆ ئێرانیان کردووە.

گوڵی شادکام لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە: "ئەو هەڕەشانە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران و مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەت بە ناوەڕۆکی حیجابی زۆرەملێ، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان و ستەمی ڕێکخراوانە دژ بە ژنان و کوردەکان، لە ئینستاگرام و گرووپە تەلەگرامییەکانی کوردەکانی خوراسان زۆرتری کردووە، بە شێوەیەک کە دڵنیام گەڕانەوەم بۆ ئێران لە هەر دۆخێکدا بێت لێکەوتەی جددیی بەدواوە دەبێت."

شایەنی باسە کە، گوڵی شادکام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییە کولتووری و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێ کراوەتەوە.

ئەو لێکۆڵەر و نووسەرە کوردە خاوەنی چەند کتێبی وەکوو «سێ خشتییە کوردییە کورمانجییەکانی خوراسان»، لەگەڵ پرۆفیسۆر جەلیل لە زانکۆی ڤیەن (بڵاوکراوەی ساڵی ٢٠١٢)، «کۆمەڵناسیی هۆز و عەشیرەتەکانی ئێران»، پەندی کوردیی خوراسان، کتێبی دووزمانەی کوردی-فارسی منداڵان بەناوی «پاچە سوور» و «دەو دەو»، کتێبی سترانی منداڵانە و چەندین کتێبی دیکە بە ناوەکانی کولتووری کورمانجی - فارسیی خوراسان، مەتەڵی کوردیی کورمانجیی خوراسان، جلوبەرگی کوردانی خوراسان، کتێبی چیرۆکی منداڵانەی شەینالی لە قۆناغی بەرهەمهێنان و ئامادەی بڵاوکردنەوەدایە.

ناوبراو هەروەها لە بواری لێکۆڵینەوەدا زیاتر لە ٢٥٠٠٠ وشە، دەستەواژە و تەشەری کوردیی کورمانجیی خوراسان، ٢٥٠٠ سترانی فۆلکلۆری کوردیی خوراسان وەکوو سێ خشتی لە گوند و گەڕەکە عەشیرەتە کوردنشینەکانی خوراسان، ٢٠٠ سترانی فۆلکلۆر وەکوو "چارۆک"، ٢٠٠ مەتەڵی کوردیی کورمانجیی خوراسان، ٢٠٠ چیرۆکی خەیاڵیی کوردیی خوراسانی، ٢٠٠٠ پەندی کوردی خوراسانی و ٥٠ گۆرانیی منداڵانی فۆلکلۆری کوردی خوراسانی کۆ کردووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە