سەقز؛ عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری لە بەندیخانە ئازاد کرا
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی سەقز دوای تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا. ناوبراو یەک ساڵ و یەک مانگ و شەش ڕۆژی ڕابردووی لە بەندیخانە تێپەڕ کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، عوسمان ئیسماعیلی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٦٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.
هەنگاو مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە بارودۆخی تەندروستیی عوسمان ئیسماعیلی لە بەندیخانە ناجێگیرە و سەرەڕای تووشبوونی بە تەنگە نەفەسی و نەخۆشیی دڵ لە ڕاگەیشتنی پزیشکیی گونجاو بێبەش کراوە.
عوسمان ئیسماعیلی، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر کرابوو و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترابۆوە.
ناوبراو مانگی خەرمانان، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سەقز، بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵە" سزای ٣١ مانگ و پازدە ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "پرۆپاگەندەی دژ بە حکومەت لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" سزای حەوت مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و سەرجەم سزای ٣٩ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو سزایە لە ئاکامدا بۆ ١٦ مانگ بەندکران بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی کەم کرایەوە.
عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز دەستبەسەر کرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرابوو.
ئەو چالاکە کرێکارییە پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.