سنە؛ ئازادیی کامران ساختمانگەر بە دانانی بارمتە

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، بەندکراوی سیاسی پێشووی کوردی خەڵکی شاری سنە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، پاش ٣٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥)، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٤ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، لە شەقامی جامیی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.
ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لەئاکامدا، ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، پاش ١٤٩ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرابوو.
کامران ساختمانگەر، پێشتر لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران" سزای ٣ مانگ بەندکران و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
سزای بەندکرانی ئەو چالاکە کرێکارییە دواتر بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدرا و ناوبراو سەرجەم سزای پێبژاردنی ٣٤ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو هەروەها پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە کۆمەڵە" و "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە بۆ ٢٨ مانگ بەندکران کەم کرایەوە و لەئاکامدا لە ڕێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.