جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٤:٣٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی سێ بەندکراوی تورک و خەڵکی تەورێز کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ناسنامەی ئەو بەندکراوانە ڕەزا ئەحمەدزادە، بارام موحەڕڕەمی، و مەنسوور (ناوبانگ نادیار) ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢ی جولای ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی ڕەزا ئەحمەدزادە تەمەن ٤٧ ساڵ، بارام موحەڕڕەمی تەمەن ٣٦ ساڵ و مەنسوور تەمەن ٢٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.

بەپێی زانیارییەکان، ڕەزا ئەحمەدزادە لە سێ ساڵ پێشتر و بارام موحەڕەممی لە دوو ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ئەو بەندکراوەی دیکە بەناوی مەنسوور (ناوبانگ نادیار)، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی دایکی هاوژینەکەی کە ٥٧ ساڵی تەمەن بووە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە