بەندیخانەی تەورێز؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو کە سێیان خەڵکی ئەفغانستان و عێراقن

٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٢:٤٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای لەسێدارەدانی لانی کەم چوار بەندکراو کە دوو کەسیان خەڵکی ئەفغانستان و یەکێکیان خەڵکی عێراقە و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی چوار بەندکراو بە ناوەکانی شاپوور حوسێنی خەڵکی تەورێز، عیرفان عەبدولعەزیزی هاووڵاتی کوردی خەڵکی کەرکووک و دوو هاووڵاتی ئەفغانستانی بە ناوەکانی حوبوڵڵا تەمەن ٣٢ ساڵ و موشەڕەف تەمەن ٢٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا.

ئەم چوار هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندی تەورێز گوازراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، عیرفان عەبدوڵعەزیز سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی پاسەوانێکی کارگەی چیمەنتۆ دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها شاپوور حوسێنی دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و حوبوڵڵا و موشەڕەف لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی گواستنەوەی چەکدارانەی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر و لەلایە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.

هەواڵی سێدارەی ئەم چوار هاووڵاتییە تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە، لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەبووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە