ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی حەوت بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٦:٣٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

سزای سێدارەی حەوت بەندکراوی تورک بریتی لە یەک ژن، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" و "تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کرا. لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە سزای سێدارەی ٧٦ بەندکراوی تورک بریتی لە ٧ ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی چوار بەندکراو بەناوەکانی نەستەرەن فیرووزی، محەممەد (ناوبانگ نادیار)، سیامەک مۆلایی تەمەن ٤٥ ساڵ و حەسەن یووسفی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێ کراوە.

هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی محەممەدئەمین نوورئەفکەن کە لە دوو ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە.

نەستەرەن فیرووزی و محەممەد دوو سال پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینی نەستەرەن فیرووزی، و سیامەک مۆلایی و حەسەن یووسفی لە چوار ساڵ پێشترەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر (١٩ی ئۆکتۆبەر)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکەی خەڵکی تەورێز بەناوەکانی جەواد ئیبراهیمی تەمەن ٣٥ ساڵ و بێهزاد غەفاری تەمەن ٤٠ ساڵ کە سێ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا دەستبەسەر کرابوون، جێبەجێ کراوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی نەستەرەن فیرووزی و محەممەد لە ماڵپەڕی حکومەتیی ڕۆکنا بڵاو کراوەتەوە و هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو پێنج بەندکراوەی دیکە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە میدیایی نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە سزای سێدارەی لانی کەم ٧٦ بەندکراوی تورک بریتی لە ٧ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە