ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنێک لە بەندیخانەی شاری تەورێز

١٤ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٢:١٠

هەنگاو؛ شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو سزای سێدارەی ژنێک بە ناوی زارا فەیزی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری تەورێز جێبەجێکرا. ناوبراو حەڤدەیەمین ژنە کە لەم ساڵی زایینیدا لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن بەناوی زارا فەیزی تەمەن ٤١ ساڵ، هاووڵاتیی تورک و خەڵکی شاری تەورێز لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێکرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، زارا فەیزی نزیکی چوار ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا بوو.

جێگای باسە کە، بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ ڕاگرتنی سزای سێدارەی زارا فەیزی داوای دیەی چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەنیان کردبوو کە بنەماڵەی زارا توانای دابین کردنی ئەم بارمتەیان نەبووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە لانی کەم سزای سێدارەی ١٧ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێکراون کە ٨ کەس لەوان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە