جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٨ بەندکراو بریتی لە ژنێک و هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی کەرەج و شیراز

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٣:٣٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی مەهدی عەلی‌ئەکبەری، داوود بەراهوویی و سەعید محەممەدپوور لەگەڵ هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەفغانستان کە بۆ ناسنامەی بەدواداچوون دەکرێت و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج و چوار بەندکراوی دیکە بریتی لە یەک ژن، کە ناسنامەی سێ کەسیان بە ناوەکانی مەنسوور تەوەکولی، موحسین ئۆستوار و حامید شکەستە ئاشکرا کراوە لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی جولای ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی داوود بەراهوویی بەندکراوی بەلووچی خەڵکی زاهیدان، سەعید محەممەدپوور و مەهدی عەلی‌ئەکبەری لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی ئەفغانستانیش جێبەجێ کراوە کە تا ئێستا ناسنامەی نادیارە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئەو چوار بەندکراوە کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی ڕابردوو بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوونەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی جولای)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مەنسوور تەوەکولی و حامید شکەستە تەمەن ٤٠ ساڵ لەگەڵ ژنێک بە ناوبانگی "مەحموودی‌نیا" کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (عادڵئاوا) جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، هاوکات لەگەڵ ئەو سێ بەندکراوە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەش بەناوی موحسین ئۆستواری کە پێشتر بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کراوە.

سزای سێدارەی ئەو هەشت بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە