ڕێبوار ڕەشیدی، کاسبکارێکی خەڵکی بانە دوو حەوتوو دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٧:٣٩

هەنگاو، یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

ڕێبوار ڕەشیدێ، کاسبکارێکی خەڵک بانە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی "هەنگەژاڵ" بە سەختی بریندار ببوو، دوای دوو هەفتە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لەدەست دا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی جولای ٢٠٢٤)، ڕێبوار ڕەشیدی ٣٧ساڵە، خەڵکی بانە و باوکی دوو منداڵ، دوای دوو حەوتوو مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

شایەنی باسە کە، ڕێبوار ڕەشیدی، دوای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و لاقێکی لە ئەژنۆوە بڕدرایەوە. هەروەها سییەکانی ئەم کاسبکارە بە هۆی ئەوەی چەند فیشەکی بەر کەوتبوو بە سەختی زیانیان بەرکەوتبوو.

ئەو کاسبکارە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٧ی جولای ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان لە سنووری "هەنگەژاڵ" ی بانە بە سەختی بریندار ببوو و لە حاڵەتێکی کەمی هۆشیاریدا بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سنە گواسترابۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە