سنە؛ دەستبەسەرکرانی حەسەن ئەمینی لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢١:١٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی، لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری سنە، کە پێشتر سزای بەندکران و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی جولای ٢٠٢٤)، حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی سنە، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ناوبراو پێشتر، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو (جولای ٢٠٢٣)، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای شەش مانگ و نیو بەندکران و لێدانی ٤٠ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.

حەسەن ئەمینی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە، دیواندەرە و دێولان لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردوودانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترانەوە.

ئەو ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان، لە ئاکامدا لە ڕێکەوتی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەکوو مافی داستڕاگەیشتن بە پارێزەرێکی دیاریکراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.

محەممەد ئەمینی، برای حەسەن ئەمینی و دانیشتووی گەڕەکی تەقتەقان لە شاری سنە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەستدا.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە