دەستبەسەرکرانی ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بۆ جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢٤، ١٦:٠١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤

ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، خەڵکی شاری بۆکان، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان و برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور یەکێک لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، خەڵکی گوندی "ئاڵیکەند"ی سەر بە بۆکان و برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، بە مەبستی تێپەڕاندنی سزای ٣ مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە.

ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی بۆکان، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵانی ئەمساڵ، لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی، بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی تایبەتی نەورۆزی کوردستان، دەستبەسەر کرا.

ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، دوای ماوەیەک، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتیی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٧ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی پێشووەی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، دوای پێنج ڕۆژ لە کۆما بە هۆی ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە نۆخۆشخانەی "قولی پوور"ی بۆکان گیانی لەدەست دا.

لەو کاتەدا هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی: "ناوەندە ئەمنییەکان سەرەڕای ئەشکەنجەی توند بۆ ماوەی سێ حەوتە ئاویان پێ نەدابوو و هەر بۆم بۆنەوە چووبووە کۆما."

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە