کرماشان، جێبەجێکرانی نهێنیی سزای سێدارەی دانیاڵ کازمی‌نژاد لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ئەندامێکی سوپای پاسداراندا

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:١٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دانیاڵ کازمی‌نژاد، بەندکراوی بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی و بە شێوەی نهێنی جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران بەناوی سەجاد ئەمیری دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی جولای ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دانیاڵ کازمی‌نژاد، بەندکراوی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی شاری شاباد بەشێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی بنەماڵەکەی و تەنانەت بەبێ دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

دانیاڵ کازمی‌نژاد مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری خۆی دەستبەسەر کرابوو و ماوەیەک دواتر بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گواسترابۆوە. ناوبراو ماوەیەک دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی سەجاد ئەمیری، ئەندامی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەجاد ئەمیری، لە ئەندامانی سوپای پاسداران کە ڕۆیشتبوویە وڵاتی سووریاش، لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ لە کرماشان کوژرا. ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو کاتەوە لە سەجاد ئەمیری وەکوو "شەهیدی بەرگریکاری ئاسایش" یاد دەکەن کە بە وتەی ئەو کەسانە لە کاتی ئەرکێکی ئەمنییەتیدا کوژراوە.

شایانی باسە کە دانیاڵ کازمی‌نژاد خەڵکی گوندی "لوڕ" سەر بە شاری شاباد بوو کە ساڵی ڕابردوو هێزەکانی سوپای پاسداران هێرشیان کردبووە سەر ئەو گوندە و پێکدادانێکی چەکدارانە هاتبووە ئاراوە کە هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بانگکران و دەستبەسەرکرانی نزیکەی ١٦٠ هاووڵاتیی ئەو گوندەی لەو کاتەدا ڕاگەیاندبوو.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە