درێژکردنەوەی بڕیاری ماوەی دەستبەسەرکرانی محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە

٢ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٤:٣٧

هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بڕیاری ماوەی دەستبەسەرکرانی محەممەدڕەزا  قەیتەرانی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد، درێژ کرایەوە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بۆ ماوەی چەند مانگ دەستبەسەر کرابوو و لەم دواییانەدا جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٢ی جولای ٢٠٢٤)، بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتیی محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە درێژ کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قەیتەرانی، ماوەی درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە ١٥ ڕۆژ ڕاگەیەندراوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١١ی جولای ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی بنەماڵەی محەممەدڕەزا  قەیتەرانی و ئەو لاوە تەمەن ٢٢ ساڵەیان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردبوو.

شایانی باسە کە، محەممەدڕەزا  قەیتەرانی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای سێ مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە