مەهاباد، دووبارە دەستبەسەرکرانی محەمەدڕەزا قەیتەرانی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

٢٢ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٧:٤٠

هەنگاو، هەینی ٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

محەممەدڕەزا قەیتەرانی خەڵکی شاری مەهاباد کە لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی چەند مانگێک دەستبەسەرکرابوو، دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١١ جولای ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردووتە سەر ماڵی بنەماڵەیی محەممەدڕەزا قەیتەرانی گەنجی ٢٢ساڵەی خەڵکی مەهاباد و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەرکردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکرانی، تۆمەتە هەڵبەستراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەو گەنجە لەبەر دەست نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی لەو بوارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.

شایەنی باسە کە، محەممەدڕەزا قەیتەرانی ڕۆژی هەینی ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٣ی سێپتەمبەر٢٠٢٢) لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ٣مانگ بە دانانی بارمەتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە