شنۆ؛ دادگاییکردنی کاروان شاهی‌پەروانە لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەتۆمەتی موحارەبە

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٠:٠٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

کاروان شاهی‌پەروانە (هێمن شاهی‌پەروانە)، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، جارێکی دیکە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای "موحارەبە"ی بە سەردا سەپێندرا. ناوبراو کە ماوەی یەک ساڵ و ١٠ مانگە دەستبەسەرە، پێشتر لەو تۆمەتە بێبەری کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢ی جولای ٢٠٢٤)، کاروان شاهی‌پەروانە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٥ ساڵ لە بەندیخانەی شنۆ، لەلایەن سێ دادوەری لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە ناوەکانی نەجەفزادە، شاهینی و غوڵامی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بەتۆمەتی "موحارەبە" دادگایی کرا.

خستنەپاڵی دووبارەی تۆمەتی "موحارەبە" بۆ ئەو بەندکراوە سیاسییە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو پێشتر لەو تۆمەتە بێبەری کرابوو و لەم دواییانەدا، بە گوشاری فەرمانگەی ئیتلاعات جارێکی دیکە دۆسیەکەی کراوەتەوە.

کاروان شاهی‌پەروانە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، دوای ١٨ مانگ دەستبەسەربوون بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مافی مەرەخەسی پێدرابوو.

شایەنی باسە کە، ئەو بەندکراوە سیاسییە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسی و ڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی، لە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٧ی مەی ٢٠٢٤) تا ماوەیەک، لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ مانی لە خواردن گرتبوو.

کاروان شاهی‌پەروانە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا داندرابوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لەگەڵ شەش کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی شنۆ بە "موحارەبە" تۆمەتبار کران و دوای ١٨ مانگ، لە دوایین دانیشتی پێڕاگەیشتنی لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە لەو تۆمەتە بێبەری کران. هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو بەندکراوانە چەندین جار لەژێر ئەشکەنجەی دەروونیی "لەسێدارەدانی شانۆیی" داندراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە