مەهاباد؛ سەپاندنی سزای زیاتر لە ۷۷ ساڵ بەندکران بەسەر ۱۶ هاووڵاتیی کورددا

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٨:٥٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

لانی کەم ۱۶ هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر لە پاییزی ۲۷۲۴ دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەحەد سیامی» سەرجەم سزای ۷۷ ساڵ و ۹ مانگ بەندکرانی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم هاووڵاتییانه بە تۆمەتگەلێکی وەکوو ئەندامەتی لە پژاک، پڕوپاگەندە دژی نیزام و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرژەوەندیی حیزبەکانی دژبەری حکوومەت دادگایی کراون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی بڕیاری دادگا، هەریەک لە عەبدوڵڵا هۆشمەند و عەبدولڕەحمان قوە سزای ۷ ساڵ و ۱ مانگ بەندکرانی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها، هەریەک لە عەبدوڵڵا قوە، قادر خەرامان‌فەر، جەلال سەدەفی، عەلی مەعرووفی، ئارام مەبزوولە، یووسف تاڵ، ڕێبوار ڕەسووڵی، ئەییووب ڕەسووڵی، عوسمان جیهانی‌فەر، ڕەحمان دانا، سالار شەمس‌بورھان و زانیار سەیدئەحمەدی سزای ۵ ساڵ بەندکرانی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندراوە.

لە ڕەوتی ئەم دۆسیە هاوبەشەدا نازەنین ئەلیاسی (گوڵاڵە) سزای ۲ ساڵ بەندکرانی تەعزیری و کەماڵ مەسعوودی سزای ۵ مانگ بەندکرانی تەعزیرییان بەسەردا سەپێندراوە.

جێگای ئاماژەیە کە، ئەم ۱۶ هاووڵاتییە لە ماوەی مانگەکانی خەزەڵوەر و سەرماوەزی ۲۷۲۴ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کران و بە مەبەستی تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ئورمیە گواسترابوونەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکراندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە