بەندیخانەی بیرجەند: جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٧ بەندکراو کە سێ کەسیان ژن بوون

٢ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٦:٤٣

هەنگاو؛ سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی لانی کەم ٧ بەندکراو کە سێ کەسیان ژن و دوو کەسیان هاووڵاتیی کورد و بەلووچ بوون و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی بیرجەند، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باشوور جێبەجێ کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٣ی جولای٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم ٧بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی بیرجەند جێبەجێ کراوە. ناسناوی دوو کەس لەو بەندکراوانە وەحید وەحدانی، هاووڵاتیی کوردی ٣٣ساڵە و خەڵکی بۆجنورد و ئەمیر هەمزە براهویی موجەڕەدی، خەڵکی زابول و دانیشتووی "فەزل ئاباد" ی پارێزگای گوڵستان پشتڕاست کرایەوە.

هەروەها، سزای لەسێدارەدانی سێ ژن و دوو پیاوی دیکەش هاوکات جێبەجێ کراوە کە لەلایەن هەنگاوەوە بەدواداچوون بۆ ناسنامەکەیان دەکرێت.

شایەنی باسە کە ئەو ٧بەندکراوە پێشتریش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەین بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدرانی ئەو ٧ بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیاکانی حکوومەت و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە