ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنێک لە بەندیخانەی دامغان، لەسێدارەدانی ١٦ ژن لە کەمتر لە پێنج مانگ

هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراو بە ناوی ستارە تاهیرلوو، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی دامغان سەر بە پارێزگای سمنان جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە شازدەیەمین ژنە کە لە ئەمساڵدا (زایینی) لە ئێران لەسێدارە دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٥ (١٩ی مەی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ژنێک بە ناوی ستارە تاهیرلوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی دامغان جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ستارە تاهیرلوو سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە "گواستنەوەی مەواد" دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەەردا سەپێندرابوو.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی عەلیئەسغەر عالەمی، خەڵکی دامغان جێبەجێ کراوە. ناوبراو ١٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لە کۆتاییدا لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیا نزیکەکانی سەر بە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرتای ئەمساڵی زایینی تا ئێستا کە دەکاتە کەمتر لە پێنج مانگ، لانی کەم سزای سێدارەی ١٦ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە.