کامێران؛ ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێز گیانی لەدەستدا

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:١٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ئیسماعیل کەریمی، چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی کامێران، بەهۆی سووتانی جەستەی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگردا، دوای دوو ڕۆژ خەوێندران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٤ی جولای ٢٠٢٤)، ئیسماعیل کەریمی، خەڵکی کامێران و باوکی دوو منداڵ کە ڕۆژی پێشوو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە لە ئەنجامی سووتانیدا، لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی تاران گواسترابۆوە، گیانی لەدەست دا.

ئیسماعیل کەریمی ڕۆژی دووشەممە ١ی گەلاوێژ، بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگری لەوەڕگەکانی "کانیشە" لە کامێران چوبووە ئەو ناوچەیە و لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تووشی سووتانی ٨٠ لە سەدی جەستەی هاتبوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە پاش ماوەیەکی زۆر لە ڕووداوەکە، بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گواستراوەتەوە و لەوێ خەوێندرابوو.

شایانی باسە کە، ئیسماعیل کەریمی، لە فەرمانبەرانی فەرمانگەی سەرچاوە سروشتییەکانی کامێران، پێشتریش لەگەڵ چەند کەسی دیکە لە چالاکی ژینگەپارێزی و گرووپە خۆبەخشەکانی خەڵک بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان، چالاکیی بەرچاوی هەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە