سنه؛ ژمارەی دەستبەسەرکراوانی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی «کەمپەینی زاگرۆسانە» لە قەڵای حەسەناوا گەیشتە سێ کەس
هەنگاو؛ شەممە ۶ی بەفرانباری ۲۷۲۵
لە درێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد لەدوای بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی ناسراو بە «کەمپەینی زاگرۆسانە»، سەباح ساڵحی و سابیر ساڵحی دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارەدا دەستبەسەر کران. بەو شێوەیە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە سنە لە ماوەی ئەمڕۆدا گەیشتە سێ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۶ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲۷ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، سەباح ساڵحی و سابیر ساڵحی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەو شارەدا دەستبەسەر کران.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕامین ساڵحی، چالاکی ژینگەپارێزیی تەمەن ۳۹ ساڵ و ئامۆزای سەباح ساڵحی بەهۆی بەشداری لەو ڕێوڕەسمەدا لە شوێنی کارەکەی خۆی بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و لە ئەنجامی بەشداری لە ڕێوەڕەسمی کەمپینی زاگرۆسانەدا ڕوویداوە کە ڕۆژی ڕابردوو لە قەڵای حەسەن ئابادی سنە بەڕێوە چبوو.
«کەمپەینی زاگرۆسانە» پلەنێکی ساڵانە لە بواری ژینگەپارێزییە کە لە لایەن ئەنجومەنە ناحکومییەکان وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا بە ئامانجی ئاگادارکردنەوەی گشتی خەڵک و پەرەپێدان بە کولتووری پاراستنی ژینگەی زاگرۆس بەنیشانەی کاردانەوە بە هەڕەشە بەرفراوانەکان بۆ سەر ژینگە وەکوو ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەست، گۆڕینی شێوازی بەکاربردنی زەویی دارستانەکان، زۆربوونی کانگاکان، سازکردنی بەنداو و کەڵکوەرگرتنی ناسەقامگیرانە لە سەرچاوە سروشتییەکان، بە بەشداریی خۆبەخشانەی خەڵکەوە بەڕێوە دەچێت.
هەر لەو بوارەدا پێشتر، ڕۆژی سێشەممە ۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۲۳ی دیسەمبەری ۲۰۲۵)، شێرکۆ کانی سانانی، وێنەگر و چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان و لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «سەوزی چیا» دوای گەڕانەوە لە «کەمپینی زاگرۆسانە» کە لە گوندی «نێ» سەر بە شاری مەریوان بەڕێوە چبوو، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.