سەقز؛ درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی محەممەدعەلی وەیسی و سیروان خوداکەرەمی
هەنگاو؛ شەممە ۲۹ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
بڕیاری دەستبەسەرکرانی محەممەدعەلی وەیسی (ڕۆژهەڵات) و سیروان خوداکەرەمی، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، درێژ کراوەتەوە. ئەو دوو هاووڵاتییە لە ۴۱ ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا بڕیاری دەستبەسەرکرانی محەممەدعەلی وەیسی چالاکی ژینگەپارێزی و سیروان خوداکەرەمی، چالاکی مەدەنی و هەر دوو خەڵکی شاری سەقز درێژ کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری دەستبەسەرکرانی ئەو دوو هاووڵاتییە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کراوەتەوە.
شایەنی باسە کە ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ۴۱ ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش ماونەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
سیروان خوداکەرەمی و محەممەدعەلی وەیسی ڕۆژی یەکشەممە ۱۸ی خەزەڵوەری ۲۷۲۵ (۹ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سەقز دەستبەسەر کران.