سنە؛ دەستبەسەرکردنی ڕامین ساڵحی، چالاکی ژینگەیی لەلایەن هێزە حکوومییەکانەوە

٦ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٣:٣٦

هەنگاو؛ شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥

ڕامین ساڵحی، چالاکی ژینگەیی کوردی خەڵکی سنە، بە هۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی چالاکانی ژینگەیی ناسراو بە «کەمپەینی زاگرۆسانە» کە لە گەڕەکی حەسەن‌ئاوای سنە بەڕێوە چووبوو، لەلایەن هێزە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٢٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ڕامین ساڵحی، چالاکی ژینگەیی تەمەن ٣٩ ساڵی خەڵکی سنە، لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هاووڵاتییە لە شوێنی کارەکەی و بە دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی کەمپەینی زاگرۆسانە کە دوێنێ لە گەڕەکی حەسەن‌ئاوای سنە بەڕێوە چوو، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەسبەسەرکراوە.

«کەمپەینی زاگرۆسانە» بەرنامەیەکی ساڵانەیە لە بواری ژینگەدا کە لەلایەن ئەنجومەنە جەماوەرییەکان، لەوانە ئەنجومەنە ژینگەپارێزیەکانی، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی گشتی و پەرەپێدانی کولتووری پاراستنی سروشتی زاگرۆس لە وەڵامی هەڕەشە بەرفراوانەکان وەک ئاگرکەوتنەوەی بەئەنقەست، گۆڕینی شێوە بەکارهێنانی زەوییە دارستانییەکان، پەرەپێدانی کانزاکان، بەنداو دروستکردن و بەکارهێنانی نالەباری سەرچاوە سروشتییەکان، بە بەشداریی خۆبەخشانەی خەڵک بەڕێوە دەچێت.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە وردەکاریی هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە