بانە؛ زیادبوونی گوشاری ئەمنی لەسەر چالاکانی بواری ڕاگەیاندن بە هۆی زیاتربوونی قەیرانی بێ ئاوی
هەنگاو؛ هەینی ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی قەیرانی کەمئاوی و بڕانی ئاوی شار بۆ ماوەی چەند ڕۆژ لە بانە، دامەزراوە ئەمنییەکان بە جێبەجێکردنی گوشار و هەڕەشە لەسەر چالاکانی بواری ڕاگەیاندن، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی ئاویان قەدەغە کردووە و هەوڵەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوەی گشتی بە شێوەیەکی بەربڵاو سنووردار کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕانی ئاو لە هەندێک ناوچە ٧٢ کاتژمێری تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر ڕۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەرانی پەیجە هەواڵییەکانی شاری بانە زیاد بووە و ژمارەیەک لەوان جگە لە وەرگرتنی پەیامی هەڕەشەئامێزی تەلەفۆنی، بە شێوەی حزووریش بانگ کراون بۆ ئەوەی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە ڕاپۆرتێک لەسەر قەیرانی ئاو ببوێرن.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاربەدەستانی ئەمنی لە ڕەوتی ئەم بانگ کردنانەدا، جگە لە خستنەڕووی تۆمەتی «تێکدانی بیروڕای گشتی» (تشویش اذهان عمومی)، هەڕەشەیان لە چالاکانی ڕاگەیاندن کردووە کە لە ئەگەری بەردەوامیدان بە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە قەیرانی ئاو، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی دادوەری و ئەمنی دەبنەوە.
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد کە هێزە ئەمنییەکان بە هەڕەشە و گوشار، بەنووسراوە بەڵێنیان لە بانگکردووەکان وەرگرتووە کە هەواڵی قەیرانی ئاو بڵاو نەکەنەوە.
ئەم گوشارانە لە کاتێکدا بەردەوامە کە هاووڵاتییانی بانە هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی بەربڵاو لە دەستپێڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە و بەرامبەر بە نەبوونی زانیاری ڕوون و بێ وەڵام مانەوەی داواکارییەکانیان لە لایەن بەرپرسانەوە ناڕەزایەتیان هەیە.