ئورمیە؛ دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ئەمیر جەهانگیری

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٣:٥٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ئەمیر جەهانگیری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە، لە دوو حەفتە پێشەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. دەستبەسەرکرانی ئەو گەنجە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە، سەبارەت بە باری تەندروستیی لە دەستبەسەرگەدا نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر چواری بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٠ی جولای ٢٠٢٤)، ئەمیر جەهانگیری، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی قەڵای سەردار سەر بە بەشی نازلووی ئورمیە، لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژی دەستبەسەرکرانی ئەمیر جەهانگیرییەوە تا ئەمڕۆ هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ناوبراو لەبەر دەستی بنەماڵەکەی و کەسە نزیکەکانی دانەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان بە شکاندنی دەرگا و دەلاقە و چوونە نێو ماڵی بنەماڵەی ئەمیر و ئەو هاووڵاتییەیان لە قاتی دووەمی ماڵەکەیانەوە بەرداوەتەوە کە بووەتە هۆی برینداربوونی.

هەروەها دایک و خوشکی ئەو لاوە دەستبەسەرکراوە، دوای بەرخۆدان بەرانبەر هێزە ئەمنییەکان، لێیاندراوە و بێڕێزییان پێکراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەروەها شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە