ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی خوڕەمئاوا

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢١:٢٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

سەرەتای ئەم حەفتە سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی سەعید سپەهوەند کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە و جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە دواخراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی جولای ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی سەعید سپەهوەند لە بەندیخانەی پارسیلۆن (بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا) ناوەندی پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کراوە.

سەعید سپەهوەند خەڵکی خوڕەمئاوا پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای شۆڕشی خوڕەمئاوا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هاوکات بەندکراوێکی دیکە بەناوی عەزیم ئەمرایی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە کە بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە بۆ ماوەی ٣ مانگ دوا خراوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە