مەهاباد، کوژرانی هاووڵاتییەک لە کاتی دەستبەسەرکرانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢١:٥٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامێ ئێران، هاووڵاتییەکی تۆمەتباری خەڵکی شاری مهابادیان لە کاتی دەستبەسەرکردن بە تەقەی ڕاستەوخۆ و تەقە لە سەری لە کاتێکدا کە بریندار بوو، کوشت. ناسناوی ئەو هاووڵاتییە کوژراوە، ئەحمەد تێرمەن پشتڕاستکراوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٤ جولای ٢٠٢٤) ئەحمەد تێرمەن ٥٢ساڵە و خەڵکی مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کوژرا. ناوبراو بە هۆی شەڕ و دەمەقاڵەی کوڕەکەی لەگەڵ ئەندامێکی بەسیج بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەحمەد تێرمەن سەرەتا لە پێش ماڵەکەی لە گەڕەکەی باغی سیسەی مەهاباد تەقەی لێ کراوە و دوای تێپەڕ کردنی ڕێگایەک لە دەوری مەلەوانگەی بەهمەن، کەوتۆتە سەر زەوی و لەلایەن ئەو هێزانەوە تەقە لەسەری کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ناوبراو بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ئەحمەد تێرمەن بە هۆی تێوەگڵانی کوڕەکەی بە ناوی چیا لەگەڵ ئەندامێکی بەسیج بە ناوی سرووش تەبەنجی لە ژێر چاودێریدا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە