دەستبەسەرکرانی ٨ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کورد لە گیەڵان

٢٤ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٠٠:١٤

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

لانی کەم هەشت چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی کورد و خەڵکی شاری گیەڵان بەناوەکانی ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان، محەممەد پەروین، عەلی فەرەج خانی و مستەفا ڕۆستەمی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی لانی کەم ٨ چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گیەڵان بە ناوەکانی محەممەد پەروین، ماریا خانی، جەهانگیر ئازادی، لوتفوڵڵا پەرویز، حەمیدڕەزا ڕەحیمیان، سەلمان پەرهان، عەلی فەرەج خانی و مستەفا ڕۆستەمی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای کرماشان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری ئەو چالاکانەیان دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو کەسانە لە هاوکارانی کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بە ناوی "ڕزگاریی زاگرۆس" بوون و چالاکانە لە کونتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ماوەی ڕابردووی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بەشدارییان کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هەشت چالاکە مەدەنی و ژینگە پارێزییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەو بوارەدا بەبێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە