ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی هەشت هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

٨ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٢:٠٢

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم هەشت هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێک و ژنێک بە ناوەکانی پارسا ڕۆستەمی، پەروین ئەدوایی، ناسر ئەحمەدزادە، ئەفشین مستەفاپوور، فەرزاد حەمیدی، زاگرۆس ڕەسووڵی، شێرزاد قالە و پارسا ڕەحیمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی مەهاباد، نەغەدە، کامێران، مەریوان، سنە و سەردەشت دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی ناسر ئەحمەدزادە، تەمەن ٣٣ ساڵ و زاگرۆس ڕەسووڵی، چالاکی ژینگەپارێزی لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵ و شوێنی کارەکەیان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندان (٢٥ی جەنیوەری)، ئەفشین مستەفاپوور، تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی شاری نەغەدە پاش بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە، لە لایەکی دیکەشەوە لە هەمان ڕۆژدا فەرزاد حەمیدی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی کامێران لە ئەنجامی هەڵکوتانی نزیکەی بیست کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییەکەی و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندان (٢٣ی جەنیوەری) شێرزاد قالە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "نستان"ی سەر بە شاری ڕەبەت لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

چوارشەممە ٣ی ڕێبەندان پارسا ڕەحیمی لە بازاڕی کەوش فرۆشانی سنە بە بەکارهێنانی توندوتیژی، و پارسا ڕۆستەمی، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی هەمان شار، لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی ١ی ڕێبەندان (٢٠ی جەنیوەری) پەروین ئەدوایی، چالاکی مافی ژنان و بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

دەستبەسەرکرانی سێ کەس لەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی فەرزاد حەمیدی، پارسا ڕۆستەمی و پارسا ڕەحیمی لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنەکانی ڕۆژی سێی ڕێبەندان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە