ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری شنۆ گەیشتە پێنج کەس

١٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢١:٠٠

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

بە دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی سەلیم زولقەڕنەین و سابیر زولقەڕنەین لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری شنۆ گەیشتە پێنج کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٣ی جولای ٢٠٢٤)، سەلیم زولقەڕنەین و سابیر زولقەڕنەین، خەڵکی گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ، لەئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی محەممەد ڕەسووڵپوور، ئیدریس کارساز و کەماڵ عوقابی لە شاری شنۆی ڕاگەیاندبوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو پێنج هاووڵاتییە هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە