بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ئورمیە بۆ دوو کەس

٤ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢١:٥٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی کامران شێخە، سزای سێدارەی حەسەن یووسفی‌ئازەر، بەندکراوی تورک و دانیشتووی نەغەدە لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاووڵاتییەک دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٥ی جولای ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی حەسەن یووسفی‌ئازەر، هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

حەسەن یووسفی ئازەر، ڕۆژی شەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢١، فەردین ئیبراهیمی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی شنۆی بە بەکارهێنانی قەمە لەو شارەدا کوشتبوو. فەردین ئیبراهیمی دوای دیتنی تێکهەڵچوونێک لە نێوان تۆمەتبار و هاوڕێکەی لەگەڵ دوو کەسی دیکە، هەوڵی دابوو نێوەندگیریی بکات و لەو نێوانەدا بە زەربەی قەمە کوژرا.

کوژرانی فەردین ئیبراهیمی بووە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرفراوانی هاووڵاتییان کورد لە نەغەدە کە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لەو خۆپیشاندانانەدا بە توندوتیژی کێشرا و دوکانی دەیان هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وێران کرا.

ئەو ناڕەزایەتییانە دەستبەسەرکرانی چەندین هاووڵاتی و هەروەها بانگکرانی زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کوردی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێکەوتەوە.

هەواڵی لەسێدارەدرانی حەسەن یووسفی‌ئازەر هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

شایانی باسە کە، هاوکات لەگەڵ ئەو بەندکراوە، لەسێدارەدرانی کامران شێخە، بەندکراوی مەزهەبیی کوردی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە