جێبەجێکرانی سزای سێدارەی موشیر عوسمانزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بەناوی موشیر عوسمانزادە، خەڵکی شاری ئورمیە کە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۴ی مەی ۲۰۲۵)، سزای سێدارەی موشیر عوسمانزادە، بەندکراوی خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە ۴ ساڵ پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی بانەمەڕ، لە بەندی ۴ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابۆوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکوومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.