ئورمیە؛ مەسعوود حاجی‌زادە بەبێ تەواوکردنی خولی دەرمانەکەی بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە

٥ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:٣٢

هەنگاو؛ هەینی ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

مەسعوود (نایب) حاجی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی خەڵکی ئورمیە کە دوای چوار ساڵ و چوار مانگ دەستبەسەربوون و پاش دواکەوتنێکی زۆر بۆ مەرەخەسیی دەرمانی ناردرابوو، بەبێ تەواوکردنی خولی دەرمانەکەی جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٤ی جولای ٢٠٢٤)، نایب حاجی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی ئورمیە سەرەڕای پێویستیی بە چاودێری پزیشکیی دوای نەشتەرگەری بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گەڕێندرایەوە.

نایب حاجی‌زادە، بەندکراوی سیاسی، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٣ی مارسی ٢٠٢٤)، دوای تێپەڕکردنی ١٦٠٧ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی لە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بە بارمتەی سێ ملیار تمەنی مافی مەرەخەسی پێدرا. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە سەختی لێیدراوە و تووشی دڕانی سک هاتووە.

ناوبراو هەروەها ساڵی ٢٧٢١، نەشتەرگەریی بۆ کرابوو و بێ ئەوەیکە بە تەواوەتی تەندروستیی خۆی بەدەست بێنێتەوە لە نەخۆشخانەوە بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە هاوینی ٢٧٢٣، بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە دژایەتیکردنی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتبوو.

مەسعوود حاجی‌زادە سەرماوەزی ٢٧٢٠ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵە" سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە لە ئاکامدا بە داشکاندنی یەک لە چواری ماوەی بەندکرانەکەی سزاکەی بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ کەم کرایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە