بەندیخانەی ئورمیە؛ دیاریكردنی بارمتەی ١٥٠ ملیاری بۆ ئازادیی كاتیی پژمان سوڵتانی

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
دەسەڵاتی دادوەری لە ئورمیە بۆ ئازادیی كاتیی پژمان سوڵتانی بەندكراوی سیاسیی كورد و مەحكووم بە سێدارە و لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” بارمتەی ١٥٠ ملیار تمەنییان دیاریكردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی ٢٦ مانگ لە دەستبەسەركرانی پژمان سوڵتانی بەندكراوی سیاسیی كورد و بەندكراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بۆ ئازادیی كاتیی ناوبراو بارمتەی ١٥٠ ملیار تمەنیان دیاریكراوە.
ئەمە لە حاڵێكدایە كە پژمان سوڵتانی پێشتر بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاكەكەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر توندترین ئەشكەنجەكاندا بوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی كرابوو.
پژمان سوڵتانی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵكی بۆكان و بەندكراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، پێشتر لە لایەن لقی یەكی دادگای تاوانەكانی تایبەت بە لاوانی پارێزگای ئورمیە بە تۆمەتی “كوشتنی بەئەنقەست”ی یەكێك لە ئەندامەكانی بەسیج لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی سزاێ سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو هەروەها لەگەڵ چەند كەسی دیكە لە دەستبەسەركراوانی بزووتنەوە لە بۆكان دۆسیەیەكی كراوەی لە دادگای شۆڕشی ئورمیە هەیە.
هەنگاو پێشتر بە دەركردنی ڕاگەیەندراوێك سەرەڕای مەحكوومكردنی سزای سێدارەی پژمان سوڵتانی، ڕایگەیاندبوو كە ئەم بەندكراوە سیاسییە كوردە بە بێ هەبوونی مافی دادگاییەكی دادپەروەرانە و لە نەبوونی پێوەرەكانی دادگاییەكەی دادپەروەرانە، لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
پژمان سوڵتانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاكەلێوەی ٢٧٢٣ (١٥ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لە شوێنی كارەكەی لە بۆكان لە لایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەمدە ئەمنییە لە ئورمیە گواسترابوویەوە. ناوبراو بۆ ماوەی چوار مانگ لە ژووری تاكەكەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر توندترین ئەشكەنجەكانا بوو و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی ببوو.
شایانی باسە كە ئەم بەندكراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت مافی چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەكەی بێبەش بووە.