بهردهوامیی ناڕوونیی دۆسیەی پێنج کەس له دهستبهسهرکراوانی بزووتنهوهی ژن، ژیان، ئازادیی خهڵکی بۆکان و مهترسیی سەپاندنی سەرلەنوێی سزای سێداره
ههنگاو؛ شهممه ١٣ی جۆزهردانی ٢٧٢
سهرباری تێپهڕبوونی زیاتر له ٣٧ مانگ بهسهر دهستبهسهرکردنی هەر یەک لە ڕزگار بابامیری، پێژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری، پێنج بهندکراوی سیاسیی کورد و خهڵکی بۆکان و له دهستبهسهرکراوانی بزووتنهوهی ژن، ژیان، ئازادی، چوارکەسیان هێشتا به چارەنووسێکی نادیارەوە له بهندیخانهی ناوهندیی ئورمیهدا ڕاگیراون. سزای دوازدە جار سێدارەی ئەم پێنج بەندکراوە سیاسییە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێندرایەوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی سەپاندنی سزای نوێیی سێدارە بۆ ئەم کەسانە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی نوێی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی سێدارە لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بهپێی ڕاپۆرتی گهیشتوو به ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، ڕزگار بابامیری تهمهن ٤٢ ساڵ، پێژمان سوڵتانی تهمهن ٣٠ ساڵ، کاوە ساڵحی تهمهن ٤٠ ساڵ، سۆران قاسمی تهمهن ٢٨ ساڵ و تەیفوور بابامیری تهمهن ٤٧ ساڵ، پێنج بهندکراوی سیاسیی خهڵکی بۆکان و ڕاگیراو له بهندیخانهی ناوهندیی ئورمیه، لە چاوەڕوانیی پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسیەکانیاندان. لەم ناوەدا تەیفوور بابامیری لە ئێران چووەتە دەرەوە.
نادیاربوونی چارهنووسی ئهم بهندکراوانه له کاتێکدایه که بهپێی ماددهی ٢٤٢ی یاسای دادبینیی کەیفەری، ماوهی دهستبهسهرکردنی کاتی لهو تاوانانهی که سزاکهیان زهوتکردنی مافی ژیانه (سێدارە)، زۆرترینی دوو ساڵ و له تاوانهکانی دیکهدا، زۆرترینی یەک ساڵ دیاری کراوه.
ههروهها بهپێی تێبینیی یەکی ماددهی ٢٤٢، لە کاتی کۆتاییهاتنی وادە یاساییەکاندا، دەرکردنی بڕیاری دابینکردنی نوێ دەبێ بە شێوازێک بێت کە تۆمەتبار توانای دابینکردنی هەبێت و یاسادانەر مۆڵەتی نەداوە کە تەنیا دەستکورتی لە دابینکردنی بارمتەدا، ببێتە هۆی بەردەوامیی دەستبەسەرکردن. لە ئەنجامدا، دەرکردنی بڕیاری دابینکردنی گونجاو و شیاوی دابینکردن، ئەرکێکی یاسایی ناوەندی پێڕاگەیێشتنە.
جێگەی ئاماژەیە کە، سزای دوازدە جار لەسێدارەدانی ئەم پێنج بەندکراوە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە بە هۆی ئەوەی دادوەری دەرکەری سزاکە خاوەنی بڕیاری پۆست و دەسەڵاتی یاسایی نەبووە و دادگای شوێنی دەرکردنی سزاکەش دادگای شوێنی ئەنجامدانی کردەوە پاڵدراوەکان نەبووە هەڵوەشایەوە و بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی مەهاباد نێردرا. هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە لە ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییانە ڕاگەیەندرا.
ئەم سزایە بە هۆی کەموکوڕییە یاساییەکان لەوانە پێشێلکاریی شێوەیی و ناوەڕۆکی، کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان، کەموکوڕی لە دەسەڵاتی ناوچەیی، پێشێلکردنی تۆمەتنامە و پرۆسەی دادگایی دۆسیەکە هەڵوەشایەوە و بەدیهاتنی کۆڵەکەکانی تاوانە پاڵدراوەکان تێیدا کەوتبووە ژێر گومانی جددییەوە.
لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی «بەغی» و «مۆحاریبە» هەر یەک لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پێژمان سوڵتانی بە سێ جار سێدارە، ڕزگار بابامیری بە دوو جار سێدارە و تەیفوور سەلیمی بە یەک جار سێدارە سزادابوو. ئەم پێنج بەندکراوە هەروەها بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە گرووپە تێرۆریستییەکاندا» هەر یەک بە ١٥ ساڵ بەندکران و بە گشتی بە ٧٥ ساڵ بەندکران سزا درابوون.
جێگای ئاماژەیە هەشت تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسیەیە، جوانمەرد مامخەسرەوی، ئەحمەد مامەزادە، سالار داغدار، سیامەک عەینی، هێمن کرمانج، جەلیل مەولوودی، حوسێن حوسێنزادە و سوارە عەزیززادە بە تۆمەتەکانی «ئەندامێتی لە گرووپە بەغییەکاندا»، «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنکارەکان» و «کردەوە دژ بە ئاسایشی نیشتیمانی» بە سزای قورس و پێدانی سزای نەقدی سزا دران. هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی سەڵاحەددین ئەحمەدی لە هەمان دۆسیەدا لە تۆمەتە پاڵدراوەکان بێتاوان کرا بەڵام دۆسیەکە بە هۆی لێکۆڵینەوە و چاککردنی ناونیشانی تاوانکاریی تۆمارکراو لە تۆمەتنامەدا هێشتا کراوە ماوەتەوە.
ئەم کەسانە چەند مانگ دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لەم پێوەندییەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی چەند مانگ خرانە بەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و بە توندی ئەشکەنجە دران و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆیان کران.
ئەم بەندکراوە سیاسییانە دوای دەستبەسەرکردن، چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەدا بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزاریی پزیشکی و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا ڕاگیران.