بارودۆخی نالەباری ڕاگرتنی سۆران قاسمی و پژمان سوڵتانی، دوو بەندکراوی سیاسی کوردی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ئورمیە

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٥، ٢١:١٨

هەنگاو؛ هەینی ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۵

پژمان سوڵتانی و سۆران قاسمی، دوو بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری بۆکان کە لەم دواییانەدا لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە، لە بارودۆخێکی نالەبار لە بەندی گشتیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون. ئەو دوو بەندکراوە لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەر کراون.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سۆران قاسمی، لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی تەمەن ۲۸ ساڵ و پژمان سوڵتانی، تەمەن ۳۰ ساڵ، دوو بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە حەوتووی ڕابردۆوە لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ بەندی گشتیی ئەو بەندیخانەیە گواستراونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گواستنەوەی بە ئەنقەستی سۆران قاسمی و پژمان سوڵتانی بۆ بەندی گشتیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بووەتە هۆی گوشاری دەروونی زیاتر و نەبوونی ئاسایش بۆ ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، سۆران قاسمی لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی، بە تۆمەتی "بەغی"، "موحاربە" و "سەرکردایەتی و پێکهێنانی گرووپی تاوانکاری باغی" لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە سزای ۳ جار لەسێدارەدران و ۱۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها پژمان سوڵتانی لە لایەن هەمان دادگا بە تۆمەتی "بەغی" و "موحاربە" سزای ۲ جار لەسێدارەدران و ۱۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

سۆران قاسمی و پژمان سوڵتانی لە ڕێکەوتی ۲۶ی خاکەلێوەی ۲۷۲۳ لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوون و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترابوونەوە. ئەو دوو بەندکراوە بۆ ماوەی چەند مانگ لەژێر سەختترین ئەشکەنجەکاندا داندران و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کران و لە ماوەی دەستبەسەربوونیاندا مافی هیچ چەشنە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا نەبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە