ڕاپۆرتێک لەسەر محەممەدفەریق شەریعەت‌پەنا چالاکی ئایینی دەستبەسەرکراو لە بەندیخانەی ئورمیە

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:١٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

محەممەدفەریق شەریعەت‌پەنا، چالاکی ئایینی کورد و خەڵکی شاری بۆکان ماوەی سێ مانگە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی چارەنووسی. ناوبراو لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە گواسترابووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەدفەریق شەریعەت‌پەنا، چالاکیی ئایینیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی "حاجی‌ئاوا"ی سەر بە بۆکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و هەروەها لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم چالاکە ئایینییە لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ئەگەری بڵاوکردنی ئەم هەواڵە هەڕەشەیان لێکراوە.

هەروەها ئەم سەرچاوەیە وتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دوو برای محەممەدفەریق شەریعەت‌پەنا بە هۆی چالاکیی ئایینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ژێر چاوەدێری و بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکراون.

محەممەدفەریق شەریعەت‌پەنا تەمەن ٣٠ ساڵ ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵانی ٢٧٢٤ (١٥ مەی ٢٠٢٤) لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و دواتر، بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە شاری ورمێ گواستراوەتەوە و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە