ژنکوژی؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ژنێکی گەنج لە سەڵماس بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢١:١٩

هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ژنێکی گەنج بەناوی جانە چووپانی لە سەڵماس لەلایەن باوکییەوە کوژرا. هۆکاری کوشتنی ناوبراو بە پاساوی "پاراستنی نامووس و شەرەف" ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ (٢٧ی جولای ٢٠٢٤)، جانە چووپانی، تەمەن ٢٥ ساڵ و دایکی دوو منداڵی کچ لە گوندی "کوزەڕەش" سەر بە شاری سەڵماس، لەلایەن باوکییەوە کوژرا. باوکی جانە، سەری کچەکەی لە نێو تەشتی ئاو خستووە و بەو شێوە خنکاندوویەتی.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بکوژە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە جانە کە لەگەڵ ئامۆزاکەی لە ماڵەکەی خۆیدا بووە، بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف کچەکەی کوشتووە. ئەو ڤیدیۆیە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە.

شایەنی باسە کە، هاوژینی جانە کرێکارە و لە کاتی کوشتنی هاوژینەکەی لەلایەن باوکییەوە، لەو گوندە نەبووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای خاکەلێوەی ٢٧٢٤ تا ئێستا، لانی کەم ٦٩ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن کەسانی نزیک و ئەندامانی بنەماڵەیانەوە کوژراون کە ١٢ حاڵەتیان بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە