نەغەدە؛ بێبەری کردنی عەلی پوورمەند، بکوژی حکومەتیی محەممەد عەلیزادە بە دەستتێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١١:٣٠

هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

عەلی پوورمەند، لە ئەندامانی سوپای پاسداران و بکوژی محەممەد عەلیزادە، لاوی کوردی خەڵکی نەغەدە سەرەڕای سەلماندنی تاوانباربوونی و هەبوونی بەڵگەنامەی پێویست لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو تاوانەدا، بە دەستتێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکان لە سزای "کوشتنی بە ئەنقەست" بێبەری و ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی پوورمەند، کەم ئەندامی ٣٠٪ی ئەندامی سوپای پاسداران و خەڵکی نەغەدە، لەم دواییانەدا بەبێ هیچ سزادانێک و بە دەستتێوەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی محەممەد عەلیزادە بێبەری و لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

محەممەد عەلیزادە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسانی پەیوەندیدار بە ناوەندە ئەمنییەکان بە جلی ئاساییەوە، بە شێوەیەکی دیاریکراو بۆ سەر خەڵکی نەغەدە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی عەلی پوورمەند لە شەقامی ئیسماعیل‌ئابادی نەغەدە کوژرا.

ئەو هێرشە چەکدارانە دوای ئەوە ڕووی دابوو کە پێش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، لاوێکی کورد بەناوی فەردین ئیبراهیمی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ لە کاتێک کە هەوڵی دابوو نێوەندگیریی تێکهەڵچوونێک بکات، لەلایەن هاووڵاتییەکی تورک بە زەربەی قەمە و بە شێوەیەکی دڵتەزێن کوژرابوو. کوژرانی ئەو هاووڵاتییە بووە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد کە ئەو خۆپیشاندانانە بە دەستتێوەردانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندوتیژی کێشرا و هاووڵاتییەک بە تەقەی ئەو هێزانە کوژرا و دەستبەسەرکران و بانگکرانی دەیان هاووڵاتیی کوردیشی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لێکەوتەوە.

هەنگاو هەندێک دوای ئەو تێکهەڵچوونە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و بەڵگەنامەی پێویست ڕوخسار و ڕێگای عەلی پوورمەندی لە کاتی هەوڵدانی بەمەبەستی تەقەی ڕاستەوخۆی لە هاووڵاتییانی کوردی خۆپیشاندەر، ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ماوەیەک دواتر، لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشکەشی کردبوو، عەلی پوورمەند بە جلی مەدەنی و بە چەکی کۆڵتەوە تەقەی لە محەممەد عەلیزادە کردبوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ناوبراو لە پشتی سەری هێزە ئەمنییەکان لە شەقامدا بەڕێگادا ڕۆیشتووە کە ئەوە دەریدەخات لەگەڵ ئەو هێزانە یان لانی کەم بە ڕەزامەندیی ئەوانەوە هەڵسوکەوتی کردووە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە