سنە، بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاری چارەنووسی عەلی ئەڵلاوەیسی

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٣:٤٨

هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

عەلی ئەڵلاوەیسی، بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد و چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە لە ١٧ڕۆژ پێشەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی ١٧ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی عەلی ئەڵلاوەیسی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە کەلە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستا مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی و نیزیکەکانی پێنەدراوە و هەر وەها لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدوواداچونی بنەماڵەی وەیسی بۆ زانینی چارەنووسی ناوبراو تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەست نییە و ئەو بارودۆخە بۆتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە.

عەلی ئەڵلاوەیسی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی جولای ٢٠٢٤)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەر کارەکەی لە سنە دەستبەسەرکراو و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە،

شایەنی باسە کە لە ساڵانی ڕابردووشدا چەند جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و زیندانی بەسەردا سەپێندراوە کە دوای تێپەڕ کردنی سزاکەی ئازاد کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە