ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەرکرانی سێ ئەندامی بنەماڵەی چالاکێکی سیاسی لە پیرانشار
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤
سێ ئەندامی بنەماڵەی مامۆستا حەسەن واژی چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی فاتمە پایمەرد، ماماۆستا سەید جەماڵەدین واژی و عەبدولحەمید واژی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەکران لێیان، ئازاد کران .
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ، ڕۆژی دووشەممە ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ )٢٩ی جولای ٢٠٢٤(. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات کە لەتارانەوە هاتبوونە پیرانشار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەلا حەسەن واژی کەسایەتیی سیاسی و مەزهەبیی کورد و لە ئەنجامدا هاوژینەکەی و کوڕەکەی بەناوی فاتمە پایمەرد و عەبدولحەمید واژی تەمەن ٢٩ ساڵ لەگەڵ براکەی بەناوی مەلا جەماڵەدین واژی تەمەن ٤٠ ساڵ لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەرکراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی واژی، ئەو سێ کەسە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار گواستراونەتەوە و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و لێپێچینەوە ئازاد کراون.
شیاوی ئاماژە پێکردنە، مامۆستا سەید جەماڵئەدین واژی پێشنوێژی گوندی پەسوێ ، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئورمیەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
مامۆستا حەسەن واژی یەکێک لە کەسایەتییە سیاسی و مەزهەبییەکانی کوردستانە کە چەند ساڵ پێش بەهۆی زەخت و گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچاربوو زێدی خۆی بەجێبهێڵێت و ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەژیت.